2013-05-11

تابوو ... چاودێر 1


      تابوو ........... ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

تەوتەم و تابوو یەکێکە لەکتێبە ھەرە گرینگەنانی فرۆید. فرۆید لەلایەنی دەروونیەوە ئاینی خوێندوەتەوە. لەو پەرتووکەدا دیراسەی ھەندێک قەبیلەی کۆن دەکات و دەبینێت سەرو تەوتەم و کۆمەڵێک تابوویان ھەیە. تەوتەمەکان بریتین لە خودا (لای قەبیلەکان ئاژڵ بوونە ماڵی یان ترسناک). تابووەکانیش بریتین لە قەدەغەکراوی ئاینەکە.
لە خۆێندنەوەو شیکردنەوەی دیاریدەی کۆمەڵایەتی خۆکوشتن، لەساڵی ١٨٩٧ دۆرکایم ھەم کۆمەڵناسی وەکو لقێکی مەعریفی جیاواز ناساند و لە دەروونزانی جودای کردەوە، ھەمیش کۆمەڵناسیی ئاین. دەرکەوت بۆ دۆرکایم خۆکوشتن لەناو کاسۆلیکەکان کەمترە لەبەر ئەوەی باوەڕیان بەوەیە خودا ئەم رەفتارە پەسند ناکات.
مارکیس و ڤیبەر لە ئابووریەوە چوونە ناوبابەتەکەوە. بانگەشەی مارکس بۆ زانست بوو لەبری باوەڕ، ھەروەھا بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی، بانگەشەی بۆ سۆسیالیزم کرد لە دژی سەرمایەداری. کەچی ڤیبەر دیراسەتی ئەخلاقی پرۆتستانت کرد لەناو رۆحی سەرمایەداری. پێی وایە کابرا باوەڕی بەوەیە چەندە خودا پەرست بێت ئەوەندە خودا خۆشی گەرەکە، بۆیەسەرکەوتوو دەبێت، نیشانەی سەرکەوتنەکەشی قازانجی مادیە. بۆیە ئەو شوێنانەی سەرمایەداری لێدەرکەوتووە شۆێنی  خودا پەرستەکانە.
کۆمەڵناسی ئاین بریتیە لەخوێندنی پەیوەندی نێوان ئاین وکۆمەڵگە بەھۆی ئامڕازەکانی کۆمەڵناسی. ئاین بریتیە لەکۆمەڵێک بیرو باوەڕ لە فەرھەنگی مرۆڤدا لە رێگەی کەلتوورەوە بۆماوە دەبێت. کەلتووری ئاینی، کۆمەڵێک سرووتی ئاینیە تاک و گرووپ مومارەسەی دەکەن بۆ ئەوەی پابەندی خۆیان بۆ خودا بنوێنن. لە کۆتاییدا سرووتەکان رەفتارن و کاریگەیان لەسەر تاک و کۆی کۆمەڵگەدا ھەیە. لەکۆمەلِناسی ئایندا کاریگەری و پەیوەندی نێوان رەفتاری ئاینی و کۆمەڵگە دەخوێنینەوە...
بۆ نموونە، ھەموو ئاینێک دەزگای کۆمەڵایەتی –ئاینی ھەیە وەکو مزگەوت لە ئیسلام و کەنیسە لای مەسیحیەکان..تاد. ئەم دەزگا ئاینیانە بەدرێژایی مێژوو کاریان لەسەر کۆمەڵگە کردووە بەوەی نوێنەری خودان و پەیام و ئاڕاستەی خۆیان ھەیە، ئەمانیش کاریگەری خۆیان ھەیە.
لەخوێندنەوەی کۆمەڵناسی ئاین دەرکەوتووە، ئاینەکان کار لەسەر خەڵکی دەکەن و بە درێژایی مێژوو ژیانی خەڵکیان کۆنترۆڵ کردووە. ئاین کۆمەڵێک تابووی ھەیە کە مرۆ بەبێ بیرکردنەوە قبوڵی دەکات و لەل ناکات.
بەڵام، خەڵکی دیکەش ھەبوونە لەژێر کۆنترۆڵەکە دەرچوونەو بۆ خۆیان ئازاد ژیاون. ئەمانە تابوویان شکاندووە. تابوو شکاندن دوو جۆری ھەیە، وشیار و ناوشیار. ئەوانەی وشیارانە تابوو دەشکێنن خەڵکی نوخبەی کۆمەڵگان، واتا، ئاشکراو وشیار دەیشکێنن و قبووڵی ناکەن.
ناوشیار شکاندنی تابوو بابەتی ستوونەکەمە. ئێژم، لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا تەوتەمەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن و تابووەکان خەریکن تێک دەششکێن. باپێکەوە سۆراخی تابووە شکاوەکان بکەین!
١-            ئیسلام و تاتوو
تاتوو بریتیە لەوەی خۆمان بەکوردی پێی دەڵێن: کوتین. لە ئیسلامدا تاتوو حەرامە. واتا، تابووە. بیرمە لەجەلەولا باوکم (یادی خۆش) دوکانێکی ھەبوو لەبازاڕ، عارەبە ژن لەپێش دوکانەکەی قەیماغیان دەفرۆشت. منیش کچە زیتەڵەی خانەوادەبووم، بەیانیان زوو دەچووم قەیماغم دەھێنا (زۆریش خۆش بوو).. ئەو ژنانە یەکپارچە دەموچاویان کوترابوو! ئیدی ئەو کوتینە لای من ببو بەنیشانەی عارەبە ژن. دواتر بینیم، لای ژنانی لادێَ خۆشمان ھەیە، لە دایکم پرسی، وتی: کوتان حەرامە بەڵام ئەوان نازانن حەرامەو وەک نەریتێکی لادێکان ھەیە.

ئەمڕۆ موسەقەف بوو پێدەوترێت تاتوو! ھەروەھا فەتوای فەرمی ھەیە تاتوو حەرامە. دەی لەگەڵ ئەمەش رۆژانە تاتوو دەبینین لەسەر قۆڵ و شانی لاوان. خۆ زۆربەی ژنان برۆیان تاتوو کردووە (خۆم پێم جوان نیە بۆیەنەمکردووە نەک لەترسی تابوو). بەڵام سەرنجم داوە ئەو ژنانەی حیجابن و تاتوویان کردووە نازانن حەرامە؟؟ یان گەرەکیانە تابوو بشکێنن؟