2013-05-12

خانمی ئاسنین ... خەبات5

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح


پتر لە دوو ھەفتە بە نووسینی ئەم وتارەوە خەریک بووم، زۆر دوودڵ بووم لەم شاکارەدا لەسەر جوانی ستریپ بوەستم یان قەباحەتی تاچەر؟؟ ھەردووکیان ئافرەتن و ھەردووکیشیان وەکو ئەفسانە وان لە ڕووی تواناکانیان. یەکەمیان لە جوانی و دووەم لە قەباحەت. سەیرە لەم فیلمەدا ستریپ توانا جوانەکەی خۆی بەکارھێناوە بەو ڕادەیەی قەباحەتی تاچەر بکات بۆ وێنە !

ئەم فیلمە ژیانی مارگریت تاچەر دەگێرێتەوە، تاچەر کەسایەتییەکی سیاسی بەناوبانگی بەریتانیای سەدەی ڕابردووە کە بۆ ماوەی ١١ ساڵ یەکەمین خانمی بەریتانی بووە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەڕێوە بردووە. خانمی ئاسنین بە دڵڕەق و دیکتاتۆر و توندوتیژ ناسرابووە، بەشبەحاڵی خۆم خۆشم نەویستووە، بەڵام ئەفسانەکەی سینەمای ئەمەریکی میریل ستریپ ڕۆڵەکەی گێڕاوە، بۆیە فیلمەکە شایەنی لێوردبوونەوەیە. میریل ستریپ ڕۆڵی سەرەکی خانمێکی سیاسی دەبینێت خۆشەویست نەبووە و سەرۆکی پارتێکی سیاسی گڵۆڵە بەرەو لێژ بووەو پاش ١١ ساڵ کارکردن لە پۆستی سەرەک وەزیران و کە دەیانەوێ لەحیزب و حکوومەت لایبەرن، خۆی دەست لەکار دەکێشێتەوە. واتا، ستریپی ڕۆحسووکی خۆشەویست لەم فیلمەدا ڕەزای قورسە، ئەمیش یەکێکە لە شاکار و داھێنانەکانی میریل ستریپ کە ڕایھێناوین لە سەریان. ھەروەھا، فیڵیدا لیۆید دەرھێنەری فیلمکەیە ئەمیش ژنێکی بەریتانییەو پێشتر دەرھێنانی فیلمی (ماما میا)ی بۆ میریل ستریپ کردوە، ئەویش ئاکارێکی دیکەی زۆر جوانە لە ئایندەدا باسی دەکەم.
فیلمەکە لە بەریتانیا وێنەگیراوە لە ٢٠١١ دا ستاڤەکەی دەست بەکاربوونە، پاشان لەکۆتایی ٢٠١٢ لە ئەمەریکا نمایش کراوەو ھەر لەھەمان ساڵدا دوو خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتووە یەکەم مایک کوڵیەر بۆ باشترین ماکیاژ . و دووەم بۆ میریل ستریپ سەبارەت بە باشترین ڕۆڵی سەرەکی.
مایک کۆلیەر بەکارە نایابەکانی ناسراوە لە زنجیرە فیلمی ھاری پۆتەر و بەشەکانی ئێکس مێن ماکیاژی کردووە. ھەروەھا لە ئاھەنگی ئۆسکار دابەشکردن، میریل ستریپ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی خۆی گوتی: کار و ھونەری مایک کۆڵیەر و ستاڤەکەی لەپشتی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەی من بوون. فیلمەکە باسی تاچەر لە تەمەنێکی پیردا دەکات، بۆیە ھونەرێکی وردی گەرەک بووە بۆ دروستکردنی ئەو ھەموو لۆچ و پشتی چەماو و لەشولاری پیرەی لەو تەمەندا.

فیلمەکە لە نیگای خۆمەوە:
رۆڵی ماکێرەکە زۆر گرنگە، چونکە باسی تاچەر لە تەمەنی پیری دەکات، لۆچەکانی، تاقمی ددانەکەی و شێوازی ژیانی سادەی لە بازاڕیکردن و گفتوگۆ لەسەر گرانبوونی نرخی شیر بەپشتی چەماوەوە کە تازە لەبازاڕ ھاتوەتەوە.. تەنانەت شێوازی لەبەرکردنی مروارییە بە بەھاکانییشی لەکاتی کووپ شۆریندا.
ھەروەھا گفتوگۆی لەگەڵ دینیسی ھاوسەری و ھەڵبژاردنی جلو ئاگادارکردنەوەی لە زۆری خواردنی کەرەو ... تاد. لەپڕێکا بینەر دەبینێت، ھاوسەرەکەی لە ژیاندا نەماوە! لەم فیلمەدا تاچەر لە سەرەتاکانی تووشبوونیەتی بە نەخۆشی ئەلزەھایمەر و زۆر شتی بیرچووەتەوە تەنیا مێژوو و ژیانی سیاسی نەبێت. لێرەوە چەندین دیمەنی بە زنجیرەی زەمەنیی جودا لە لاوێتی تاچەر دەبینین کە ژنە ھونەرمەندێکی دیکە نمایشی دەکات ناوی ئەلیکساندرا ڕۆچ.
تاچەر لە خانەوادەیەکی ھەژار لەدایک بووە. باوکی بەقاڵ بووە، کەچی ئەم کچێکی زۆر زیرەک بووە، بۆیە توانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کۆلیژی دەرمانسازی بخوێنێت، بەڵام شتێکی دیکەی جوانی فیلمەکە ئەوەیە ئەم وردەکایانە بە فلاش باک دەبینیت بە تێکەڵاوی، واتا پشتی بە زەمەن نەبەستووە و دەم نادەم یادەوەریەک دەگێڕێتەوە بۆ بینەر. زۆرجار کەسی خەیاڵی بەرچاو دەکەون و ون دەبن بە تایبەتی ھاوسەرەکەی. ھاوسەرەکەی یەکەمین خۆشەویستی بووە لە ژیانی و دواتر دەزانی بە نەخۆشی شیرپەنجە گیانی لەدەست داوە.. لە منداڵەکانیشی تەنیا کچێک دەبینیت ئەوەکانی دیکە تەنیا ناون.
ژنە ئاسنینەکە تەنیا بە عەقڵ بیر دەکاتەوە و سۆز و شتی لەو بابەتە لای نییە. ئەمە ڕوونە کاتێک وتەبێژ دەفەرمێت: بیرکردنەوە ھاوکاری مرۆڤە بۆ بڕیاردانی چارەنووسساز، لێرەوەش ڕێباز و کەسایەتی دروست بن.. ئەمەیش بەناوبانگترین گوتەی تاچەرە.
لە ڕووداوەکانی فیلمەکەدا سووربوونی تاچەر دەبینین بۆ گەیشتنە پەرلەمان چۆن سەرکەوتوو نابێت لە وەدەستھێنانی ئەندامێتی پارتی موحافیزکاران. کەچی بە ئەندامێتی ئەوحیزبە ناوەستێت و دەبێت بە سەرۆکی!
گرفتەکان لەوکاتەوە دەست پێدەکەن کە دەبێت بە سەرۆک وەزیران لە ١٩٩٥ ەوە تاماوەی ١١ ساڵ. لەوماوەیە گرفتیان لەگەڵ لەشکری سەربازی ئایرلەندا دەبێت و تەنانەت ھەوڵی کوشتنی خۆی و ھاوسەرەکەی دەدەن و دەرباز دەبن.
شتێکی دیکەی خۆشی فیلمەکە ئەوەیە کە ئەوەمان نیشان دەدات  چۆن سیاسییەکان فێری ئەتێکێتی قسەو ھەڵسوکەوتی سیاسییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی وەکو کەسایەتی ڕابەر دەرکەون. بەمەیش بڕیار دەدەن تاچەر شیوەی قژی بگۆڕێت، ھەروەھا ڕێنمایی قسەکردن بە شێوازی خیتابی فێر بێت. تاچەریش داھێنەرانە کارکە دەکات.
ماوەی حوکمی تاچەر ئاسان نەبووە وەک جەنگی گێڕانەوەی دوورگەی فۆڵکڵاند پاش ئەوەی ئەرجەنتین زەوتی کرد. زۆر ڕووداوی دیکەش نەمگەرەکە لە بینەری بسووتێنم...

ھێما کۆمەڵایەتییەکان:
تاچەری لاو بەڕێوە دەڕوات دەستە خوشکەکانی گاڵتە بە جلەکانی دەکەن، بەرێگەی خۆیەوە دەڕوات و گوێیان پێنادات، بەڵام تەنانەت پاش ئەوەی ١١ ساڵ سەرۆک وەزیران بوو و جوانترین جل و خشڵی ھەبوو، ھەروەھا نەخۆشیی بیرچوونەوەی ھەبوو-ئەلزەھایمەر- ئەمەی بیر نەچووبوو!
گاڵتەپێکردنی پیاوەکانیشی بیر نەچوو بوو کاتێک ڕێگەیان نەدەدا ببێت بە ئەندامی حیزب لەگەڵ ئەوەی پاشان بوو بە سکرتێری حیزبەکە. بۆ نموونە، لەکۆبوونەوەیەکدا بەھەموویان دەڵێ: ئێوە ترسنۆکن..وردە وردە دیکتاتۆر دەبوو..نموونەی دیکە کاتێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گاڵتە بە وەزیرێک دەکات کە ناتوانێت پیتەکانی وشەی- ھەژارەکان – دروست بڵێت. ێژێت: ئێوە ناتوانن کارەکانی وەزارەتەکانتان تەواو بەڕێوەبەرن.

پرسیارکانم:
ھەمیشە بە ئێمەی ژن دەگوترێت: ژن ڕقی لە ژنەو پشتیوانی یەکتر ناکەن. ڕەخنە سەرەکیەکانیش لەم فیلمەدا ئەوەبوو: تاچەر شتی جوانیشی ھەبووە فیلمەکە تەنیا لایەنی ناشیرینی نیشانداوە. لەراستیدا – بۆ خۆم- شتە جوانەکانی تاچەر لەوە زیاتر نابینم تەنیا ژنێکی بەھرەمەندی بەتوانا، بەڵام دیکتاتۆری خوێنڕێژی ھەموو شتێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەکات.
ستریپ پڕ جوانی و توانی ئەم ڕۆڵە بکات و شایەنی ئۆسکار بوو، چونکە بەدرێژی فیلمەکە تاچەرم بینی نەک ستریپ! ئاخر سترپ ھێندە جوان خۆی تاچەراند بوو باوەر ناکەم کەسی دیکە وا جوان بیکات.
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە ستریپ و تاچەر لە لوتکەی دەسەڵاتن.. ئەم بە ھونەر و ئەو بە سیاسەت. بۆچی تاچەر ئەوھا ناشیرینە و بۆچی ستریپ وا جوانە؟ بێژیت سیاسەت و شەڕە دەسەڵات و دیکتاتۆریەت لە ژن نەیەت؟

ئەمە پرسیارە لای من و وەڵامی ئاسان نییە، چونکە لەو ژنانەی لای خۆمان دەسەڵاتدارن.... لە تاچەر جوانترم نەدیوە! بابەتەکەش پەیوەندی بەخودی کەسەوە ھەیە ئەگینا خۆ ستریپ بە دەسەڵاتی خۆیوی نە ناشیرینەکەی تاچەری نیشانداو.... ھێشتا ئەگەر ھەیە وێنەی جوانی بەقاتی ھەبێت...