2013-05-14

چیای سارد.. Cold Mountain


ئەڤین ئیبراهیم فەتاح

کاتێک بابەتەکانی جەنگ و عیشق و سەختی ژیان  تێکەڵاو دەکرێن بەرھەمێکی نایابی وەکو فیلمی چیای ساردی ڵێ دەردەچێت. فیلمەکە بەرھەمی ٢٠٠٣ یە لەسیناریۆو دەرھێنانی ئەنتۆنی مینگێلا، چیرۆکەکەشی لەکتێبی چارلس فرایزەر وەرگرتووە. پاڵەوانانی فیلمەکە، جودی لۆ (ئینمان)، نیکۆڵ کیدمان (ئادا مۆنڕۆ) و رینێ زیلویگار (روبی تیویس). فیلمەکە ئۆسکارێک و ١٧ خەڵاتی دیکەی وەرگرتووەو ٥٦ جاریش بۆ خەڵاتی دیکە دەستنیشان کراوە.
رووداوەکان لەشارۆچکەیەکدا روو دەدەن ناوی چیای ساردە لەباکووری ویلایەتی کارولاینای ئەمەریکی لەسەردەمی جەنگی ناوخۆ. فیلمەکە تێکەڵەیەکی سەیرە لەنێوان جەنگ و خۆشەویستی و توندوتیژی و چەوسانەوەی ئافرەت و منداڵ لەکاتی جەنگدا، ھەروەھا تاڵان و کوشتن و بڕین و لەھەمووی گرنگتر ئەو ھێزە شاراوەی خۆشەویستیە کەبەمرۆڤی دەبەخشێت و توانای بەرەنگاربوونەوەی ژیان و قورساییەکانی بکات.

 بەگێڕانەوەی ئینمان (جودی لۆ) دەست پێدەکات، ئادا (نیکۆڵ کیدمان) کچی قەشە  تازەکە دەبێت. ئینمان و ئادا چاویان بەیەکتر دەکەوێت، لەیەکەم بینینەوە تۆوی عەشقێکی بێگەرد دەکەوێتە نێوان دڵی ھەردوکیانەوە. لەگەڵ سەرەتای پەرەسەندنی پەیوەندیەکە جەنگی نەگریسی ناوخۆ بەرپا دەبێت و ئینمانی ھێمن ناچار راپێچی جەنگ دەکرَیت، بەڵام پێش ئەوەی ماڵئاوایی بکات بەڵێن بەئادا دەدات بگەرێتەوە. لێرەوە بەدەرھێنانێکی نایاب لاپەڕە قێزەونەکانی جەنگ نیشان دەدات. بۆ نموونە، باوکی ئادا کۆچی دوایی دەکات و بەتەنیا دەمێنێتەوە لەناو باخێکی گەوردا پیاوە چاوچنۆکەکان وازی لێناھێنن، زۆری بۆ دەبەن دەبێ بە باخەوە بۆ وان بیت! ئەویش کچێکە لەخانەوادەیەکی دەوڵەمەند پەروەردە بووەو لەژیانی گوند و باخ رانەھاتووە، بەڵام، کۆڵیش نادات و لەچاوەروانی یاردایە.
لەدیمەنێکی دیکەی جەرگبڕدا،پیاوانی دەسەڵاَت بەناو خەڵکیدا دەگەرێن ئەوەی کوڕی نەچووبێت بۆ جەنگ یان ھەڵاتبێت دەیانکوژن، ژنێک و پیاوێکی پیر دراوسێی ئادا دەبن، دەیانگرن و پیاوەکەو ھەردوو کورەکە لەپێش چاوی پیرە دایک دەکوژن، ئەویش لەتاودا لاڵ دەبێت و چیتر قسە ناکات. ھەر ئەو پیرەژنە بیرێکی ئاوی ھەیە دەڵێ سیحری تیادایە، پێش رووداوەکەی خۆی ئادا دەباتە سەر بیرەکەو دەڵێ پشتاوپشت خۆت بچەمێنەوەو تەماشای بکە بەڵام ھەرچیت بینی بابۆ خۆت بێت، کەتەماشا دەکات ئینمان بەبرینداری و قەلەرەشی زۆر دەبینێت، ئیدی ترسێک لەدڵی دەنیشێت و ھەر لەدڵەراوکێ دەبێت: ئینمان بریندارە!
رووداوەکانی فیلمەکە وەکو فلاش باک لەنێوان دیمەنەکانی جەنگی لای ئینمان و رووداوەکانی لای ئادا وەکو زنجیرەیەکی سەرنج راکێش دێنە بەرچاو. ئینمان بەبرینداری ھەڵدێت، کچێک دەبینێت بەلەمێکی بچکۆلەی پێیە، کچەکە خۆی بۆ عەرز دەکات بەرامبەر بەپارە! داوای لێبوردن دەکات و بەھەر حاڵ ھەموو پارەی گیرفانی دەداتێ تالەئاوەکە دەیپەرێنێتەوە... ئینمان دەگاتە ماڵێک پیرەژنێکی لێیە برینەکەی تیمار دەکات و ماوەیەک لای دەحەوێتەوە تاکو برینی ساڕێژ دەبێت.
ئیدی بەپیادە دەڕوات و زۆر ساردە پێڵاوەکانی دەدڕێن، ئەمجارە رێگەی دەکەوێتە ماڵێکی دیکە ژنێکی گەنج و کۆرپەیەکی لێیە، ژنەکە دەترسێت بۆ تاڵان ھاتبێت: دەڵێ: تەنیا ئەو بەرازەم ھەیە شیرەکەی دەدەمە منداڵەکە! ھێوری دەکاتەوەو دەڵێ بۆ تاڵان نەھاتووم کەمێک خۆم گەرم دەکەمەوەو دەڕۆم، ئیدی ژنەکە ھەندێ جل و پێڵاوی ھاوسەرەکەی دەداتێ و دەڵێ تازە ئەو پێویستی بەمانە نیە، لەجەنگدا کوژراوە!

نەھامەتی جەنگ مرۆڤ لەکەرامەت و ھەموو بەھایەک دادەشۆرێت. ئەو شەوە ئینمان لەماڵی ئەو ژنە خاوەن منداڵەکە بەسەر دەبات، ژنەکە زۆر داماو دێتە پێش چاو، داوای لێدەکات لەتەنیشتی درێژ بێت زۆر بەزەلیلی دەڵێ: ماوەیەکی زۆرە ھەستم بەگەرمی جەستەی پیاو نەکردووە! ئینمان دڵی ناشکێێت بەڵام دیسان خیانەت لەئادا ناکات! بۆ بەیانیەکەی دیسان پیاوی تاڵانکار دێن و تاقە بەرازەکەش لەژنەکە دەبەن و منداڵەکەشی بەنەخۆشیەوە لەو سەرمایە بەجێ دێڵن! ئەمجارەیان ئینمان ناوەستێت بۆیان ھەموویان دەکوژێت و ژنەکەو منداڵەکە رزگار دەکات و بەڕێی خوێدا دەڕوات.
ژیانی تەنیایی ئادا لەسەختی برینەکانی ئینمان کەمتر نەبوو، بەڵام، جەنگ دیمەنێکی دیکەمان نیشان دەدات ئەوەیە ھەندێک کەس یەکتر دەگرن و پێکەوە بەرەنگاری سەختیاکان دەبنەوە. کچێکی جوانکیلەی گوندیی گورجوگۆڵ لەئادا پەیدا دەبێت: ئەمجارە رینێ زیلویگار (رووبی تیویس) رەونەقێکی دیکە بەفیلمەکە دەبەخشێت (لەسەر ئەم رۆڵە خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەری یاریدەدەر وەردەگرێت). رووبی دەلڕێ: سەیرکە من کارەکەرت نیم، دەبێ ئەو جلە جوانە دانێت و پێکەوە ئەم کێڵگەیە زیندوو بکەینەوە، چاوەڕوانی وەڵام ناکات، ئەو دەمە ئادا ھەرچی دەکرد کەڵەشێرەکەی پێ نەدەگیرا، کەچی رووبی بەلێھاتووی کەڵەشێری گرت و گوتی: زۆر بێزار بووم لەدەنگت، شوێنی تۆ ناو مەنجەڵە، قڕڕەی لێی بڕی و بوو بە چێشتی شێوانیان!
لەو رۆژەوە بوون بە سێ ژن پێکەوە دەژیان، پیرە دراوسێکە، ئادا و رووبی، پاشان باوکی رووبیش ھاتە ریزی کاروانەوە. سەختی ژیان و سەرماو سۆڵەو جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی تەماحکاران کەسایەتی ناسکی کۆمەڵگەی مەخمەلی ئادای گۆڕی بەرەو ژنێکی بەھێز، راوکەرو جووتیار، ھێشتا باخەکە تەواو ئاوەدان و سەوز نەبوو کاتێک ئینمان ھاتەوە. ئادا لەناو تەمەوە زەلامێکی بینی بەچەکەوە بەرەو رووی چوو، بەڵام ھەمان دیمەنی ناوبیرەکەی بینی: ئینمان ھاتەوە!
ئەو تاقە شەوە پێکەوە دەبن! بۆ بەیانیەکەی پۆلیس و تاڵانکاران و ئەوانەی چاویان لەپوول و جوانی ئادا بریبوو ھاتنە سەریان، ئیدی دیسان بوو بە شەڕ، ئەمجارە ئینمان ھەموویانی کوشت، بەڵام بۆ خۆشی کوژرا! دیسان مینگێلا بێ ھیوامان ناکات، دیمەنی کۆتایی فیلمەکە ئادا و رووبی لەناو کێڵگەکەدا راوەستاون و تەماشای بەری دەکەن دڵیان خۆشە، بەڵام، کچێکی چکۆلەش لەوناوەدایە و دیاریەکی نەمری تاقە شەوێکی ئارام بوو لەگەڵ یار.
ئەگەر چی فیلمەکە تژی دیمەنی تراژیدی تاڵە، بەڵام لەدوتوێدا پەیامی پیرۆزی مرۆڤ لەلایەک و دڕندەیی جەنگ لەلایەکی دیکەوە پەخش دەکات. ئەوەی سەرنجی پتر راکێشام:
-       پیاو دەجەنگن بەڵام  ئافرەت و پیاویش دەبن بەقوربانی.
-       لەم فیلمەدا دیمەنی چەند ئافرەتێک دەبینین، ئادا لەکچێکی بەنازەوە دەبێت بەجوتیارێکی بەجەرگ و ئازا. رووبی ئافرەتێکی توند و توڕە، دواتر دەردەکەوێت ژیانی ئەو لەژیانی ئادا سەختتر بوەو بەمنداڵی باوکی بەدەیان رۆژ بەجێھێتوەو ئاگای لێی نەبووە. ژنە لاڵەکە کەھەردوو کوڕیان لەپێشی کوشت، ژنێکی بێدەسەڵات نەبوو بەڵام، جەنگ لاڵی کردبوو! ژنی ناو ئاوەکە ئامادەبوو لەپێناو کەمێک پارە لەشی بفرۆشێت. ژنی سەربازە کوژراوەکە تەنیا بۆ کەمێک گەرمی لەشی پیاو ماڵی خۆی بۆی کردەوە! لەکۆتاییدا دەرھێنەر گەرەکیەتی چ پەیامێک بگەیەنێت کەمنداڵەکەی ئادا و ئینمان کچ بوو نەک کوڕ؟
جەنگی ناوخۆی ئەمریکی یان جەنگی مەدەنی تەنیا چوار ساڵی خایاندووە لە١٨٦١ تاکو ١٨٦٥، دەڵێن لەمێژووی ئەمەریکا دڕندەترین جەنگ بووە٦٢٠ھەزار سەرباز کوژراوەو ژمارەی خەڵکی سڤیلی کوژراوو قوربانی دیار نیە! بەرھەماکانیشی نەھێشتنی کۆیلایەتی، گێڕِانەوەی یەکێتی  و بەھێزکردنی حکومەتی کۆنفیدرالی. لەدوای جەنگەکەوە تا١٨٧٧ ھەڵمەتی ئاوەدان کردنەوەیان کرد و ھەر ئەو ھەڵمەتانەش بوون ئەمریکای کرد بەزلھێزی جیھان.
لەکۆمەڵناسیدا ھاتووە، لەکاتی جەنگدا بەھا کۆمەڵایەتیەکان لەباریەک دەچێت، ئەمیش دەبێتە ھۆکاری گرفتی کۆمەڵایەتی. بەڵام، ئایا چۆن مامەڵە لەتەک گرفتەکان دەکرێت؟
بەگەڕانەوە بۆ فیلمەکە و کۆتایی گەشی ئومێدبەخشەکەی تێمان دەگەیەنێت، ئەمریکیەکان دوای وێرانەی جەنگ دەستەوەستان بەرامبەر بەگرفتەکان نەوەستان. بگرە ھەر لەوکاتەوە یەکەمین شت کردیان ئەوەبوو سیستمی کۆیلایەتیان قەدەغە کرد.

بەشێکی فیلمەکە دەمانباتە ناو تیۆریەکانی کۆمەڵناسی سیاسی و جەنگ و شۆڕشەوە، بەڵام، بەھایەکی فێمینیستانەی زۆر جوانی تیادایە زۆر جار لە رووداوەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لەناو ژن و پیاودا بینراوە:  لەکاتی تەنگانەدا خوشەویستی یەکتر و خاک و نەتەوە ھێزێکی سیحری دەبەخشێتە مرۆڤ وای لێدەکات لەوپەری سەختیدا قارەمانێتی بنوێنێت. بەڵام، قارەمانێتی دوای وێرانەی جەنگ و ئاوەدان کردنەوە بەتایبەتی لەلایەنی کۆمەڵایەتی جۆرێکی دیکەی خەباتی گەرەکە لەوانەیە لەوتارێکی دیکەو فیلمێکی دیکەدا جێگەی ببێتەوە.