2013-05-13

جوليا رؤبيَرتس .. Erin Brockovich

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح
ئیرین برۆکۆڤیچ و سەرمایەی سیمبولیک


فیلمێکی ئەمریکاییە لەساڵی ٢٠٠٠ دا لەلایەن کۆمپانیای فیلمەکانی جێرسی ھاتوەتە بەرھەم. بودجەکەی ٥٢ ملیۆن دۆلار و داھاتیشی ٢٥٦ ملیۆن دۆلار بووە، ھەروەھا، ئۆسکارێک و ٣١ خەڵاتی دیکە جیھانی وەرگرتووەو ٥٢ جاریش بۆ خەڵاتکردن دەستنیشان کراوە. رووداوەکانی فیلمەکە پشتبەستووی رووداوی راستەقەینەیە لەشاری ھینکلی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا روویداوە ھەروەھا کەسایەتی راستەقینەی پاڵەوانی فیلمەکە (ئیرین برۆکوڤیچ) لەناو فیلمەکە لە رۆڵێکی لاوەکیدا دەردەکەوێت. ئیرین برۆکۆڤیچی ئەمڕۆ بەپرسی دەزگای برۆکۆڤیچە بۆ تۆیژینەوەو راوێژکاریی یاسایی، ھەروەھا وەکو راوێژکارێک لەئۆفیسێکی یاسای لە نیویۆرک کار دەکات و دیسان بەبێ ئەوەی بڕوانامەی فەرمی ھەبێت، واتا، تواناو بەھرەکەی لەگەل کەلتوری تاکگەرایی لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکایی، رێگاو دەرگاکانی سەرکەوتنیان لێی واڵا کردووە. لەپاڵ کارە یاساییەکانیدا، برۆکۆڤیچ چالاکوانێکی بەرچاوی بواری پاراستنی ژینگەشە.

ھێلی سەرەکی چیرۆکەکە دوو گرفتی کۆمەڵایەتیە کە پەیوەندیان بەپێکھاتەی کۆمەڵگەی ئەمەریکاییەوە ھەیە. یەکەم: دایکی تەنیا (single mother) واتا ژنێکە بەتەنیا و دوور لە ھاوسەر (یان ھەوسەرەکانی کە لێیان جودا بوەتەوە) بەتەنیا منداڵ پەروەردە دەکات. دووەم: دەسەڵاتی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کاریگەری خراپی پاشەرۆکانیان لەسەر ژینگەو تەندروستی ئەو خەڵکانەی لەدەروبەری ناوچەکانیان دەژین یان لەناو کەرگەکانیان کار دەکەن.

پەیامی فیلمەکە تێکەڵاوە لەنێوان بابەتی فێمینیزم و گرفتەکانی دایکی تەنیا و سەختی ژیان و بێکاریان لەلایەک، ھەروەھا، توانای مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی رێگای ژیان بەسەرکەوتووی و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە زەبەلاحەکان ئەگەر ھاتو یاسا سەروەر بوو. لەلایەکی دیکەش ھۆشداری پاراستنی ژینگە پەخش دەکات.
جولیا رۆبێرتس پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکەیە (ئیرین برۆکۆڤیچ) لەپاڵ ئەلبێرت فینی (پارێزەر ئید ماسری) و ئارۆن ئیکھارت (جۆرج) کە رۆڵی خۆشەویستە تازەکەی ئیرین دەبینێت کە بۆ سەرکەوتن لەکارو پەروەردەکردنی منداڵەکانی پشتیوانی دەکات. فیلمەکە لەدەرھێنانی ستیڤن سۆدێربێرگ و سیناریۆی سووزانا گرانت.

کەسایەتی ئیرین برۆکۆڤیچ ھێندە بەھێزو بەھرەمەندە نەک تەنیا چیرۆکەکەیان کردووە بەفیلمی سینەمایی، بگرە ناونیشانی فیلمەکەش ھەر ناوی راستەقینەی خۆیەتی. سەرەتای فیلمەکە ئەوەیە ئیرین بەدوای کاردا دەگەرێت و لەقسەکانیدا دەردەکەوێت نەبڕوانامەی ھەیەو نەشارەزایی ھیچ کارێک بۆیە کاری دەستناکەوێت. ھەر لە رێگەی گەڕانەوەیدا دوکتۆرێک لەترافیک لایت بەئوتومبێل خۆی پێدا دەکێشێت و جگە لەزیانی ئوتومبێلەکەی ملیشی ئێشی پێدەگات بۆیە داوایەکی یاسایی لەسەر تۆمار دەکات و لەرێگەی کۆمپانیاکەی پارێزەر ئید ماسری داوای مافی یاسایی خۆی دەکات. ئیرین داوا یاساییەکە دەدۆڕێنێت لەبەر دوو ھۆکار، یەکەم پارێزەرەکەی زۆر بەتواناو بەناوبانگ نیە، واتا کاری ھەرزانە، دووەم، کاتێک دادگا دەزانێت کەخانم بێکارەو بڕێکی زۆر پارەش قەرزارە! واتا، دوو جار زوڵمی لێدەکرێت، زەرەرێکی دیکەی ماددی و تەندروستی بەر دەکەوێت، ھەروەھا دۆڕانی کەیسەکەی.
ئیرین کەسایەتیەکی سۆزداری ھەڵچووی ھەیە بەھۆی ئەو فشارانەی لەسەر ژیان و گوزەرانی لەگەل سێ منداڵی ورد و تەنیاو بێکارە، بەڵام لەناو رووداوەکانی فیلمەکە دەردکەوێت ئافرەتێکی زۆر ئازاو بەجورئەتە ھەروەھا لەکاردا دڵسۆزەو تەنانەت لەپارێزەرەکانی دەرچووی زانکۆ بەناوبانگەکان وردتر کار دەکات.
 پاش ئەوەی کەیسەکەی دەدۆڕێنێت، دەچێت بۆ کۆمپانیای پارێزەرەکەو پێداگیری دەکات: مادەم کەیسەکەت لێ دۆڕاندم دەبێ کارێکم بۆ بدۆزیتەوە! پارێزەر کارێکی مەکتەبی سووک و بە موچەیەکی کەمی دەداتێ بۆ ئەوەی لەکۆڵی ببێتەوە، بەڵام فەرمانبەرەکانی دیکە رقیان لێی دەبێتەوەو لەھەنجەت دەبن لێی گوایە خاوەنی بڕوانامەی ئەکادیمی نیە.
لێرەدا فیلمەکە بابەتێکی گرنگ سەبارەت بەجۆرێکی دیکەی گرفتی ئافرەتان دەوروژێنێت کەتارادەیەک لای خۆشمان دەبینرێت. ئیرین ژنێکی زۆر جوان بووەو تەنانەت لەفیلمەکەش لەچەند شوێنێک لەسەر (گرفتی) جوانیی ئافرەت دەوەستێت. بۆ نموونە، لەقۆناغی دواناوەندیدا (ھای سکووڵ) ئیرین بەشاجوانی شارەکەی خۆیان دەرچووە و لەفیلمەکە کەم و زۆر ئەم بابەتە زەق دەکرێتەوە. خاتو ئیرین جوانترین جل دپۆشێت و ھەمیشە پاک و رازاوەیە، ئەمیش دەبێت بەمایەی گرفت بۆی، بەتایبەتی فەرمانبەرەکانی ھاوکاری رقیان لێی دەبێت و دەبن بەھۆکاری کار لەدەستدانی.

فاتمە مەرنیسی توێژەرێکی عەرەبی مەغریبیی بەناوبانگە بەکارەکانی لەبواری فێمینیزم و مافەکانی ئافرەتان. مەڕنیسی بەوە ناوبانگە بەعەرەبی نانووسێت بەڵکو کتێبەکانی بەزمانی فەرەنسی بڵاو دەکاتەوە و بۆ چەندین زمانی دیکەی جیھانی وەردەگێڕێت ھەروەھا نوووسینەکانی کاریگەری خۆیان ھەبووە لەسەر کۆمەڵگەی عەرەبی و بەجۆرێکی ئەکادیمی میانڕەو لەگرفتەکان دەکۆڵێتەوە. لەسەرەتای یەکێک لەپەرتووکەکانی چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە کاتێک لەمەغریبەوە سەفەری کردووە بۆ خۆێندن سەرەتا لەفەرەنسا، پاشان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگیرسێتەوە. مەرنیسی دەڵێ: لەکەلتووری ئێمەدا (کۆمەڵگەی مەغریبی) ئافرتان خشل و ملوانکەو بازنگی رەنگاورەنگ دەپۆشین، منیش خۆمم دەڕازاندەوە بەچەندین جۆری خشڵی رەنگاوڕەنگ. بەردەوام دەبێت: کاتێک دەچووم بۆ زانکۆیەک بڕوانامەکانم پێکەشدەکرد گرفتم نەدەبوو تادەگەیشتە قۆناغی ئینترڤیو (چاوپێکەوتن). لەبری ئەوەی گوێ لە وەڵامەکانم بدەنەوە چاویان لەسەر خشڵەکانم بوون و وەریان نەدەگرتم.. لەکۆتاییدا مەرنیسی ناچار بوو کار بکات بۆ ئەوەی خۆێندن تەواو بکات و خشڵ و جوانیی بەجێ ھێشت ئینجا وەرگیرا! نموونەیەکی نزیک لەمەم لەکۆمەڵگەی خۆماندا بینیوە: کاتێک لەکۆلیژی پەروەردە قوتابی بووم، لەساڵی چوارەمدا دەبوو بۆ ماوەیەک لەقوتابخانەیەکدا وانە بڵێنەوە و پرۆفیسۆرێکی خۆمان کارەکەمان ھەڵسەنگێنێت وپلەی لەسەر دانێت. ئەوکات ٢٢ ساڵ کەمتر بووم، وەکو ھەر کچێک خشڵم دەپۆشی، مامۆستاکەم بەزەردەخەندەیەکەوە گوتی: تۆ لەوانەگوتنەوە بەھرەمەندی بەڵام خرینگەی بازنگەکانت پتر لە وانەکە سەرنجی قوتابیان رادەکێشێت! لەورۆژەوە تا ھەنوکەش نەبازنگ نە ھیچ شتێکی وا ناپۆشم دەنگی ھەبێت!

گرفتی بابەتەکەی ئیرین ئەوەیە زۆر جوانە! بڵێی جوانی گرفت بێت؟ بەڵێ گرفتە بۆ ژنی تەنیا، گرفتە بۆ ئافرەتێک گەرەکی بێت بێژێت: بێزەحمەت منش مرۆڤم! دەزانن بۆچی؟ ئیرین کە جوانی خۆی دەپاراست واتا خۆی دەڕازاندەوە دووچاری گەورەترین گرفت بوو، یەکەم لەسەرکار لابرا، دووەم، کەس متمانەی پێی نەبوو.. ھەمیشە ئەو پرسیارە ھەبوو: ئەمە جوانەو دەتوانێت بە شێوازی دیکە کار بکات! زۆر جار ئافرەتی جوان بەزیرەک ناناسرێت وپێچەوانەکەشی راستە.
بۆ نموونە، لەکاتی کارکردنیدا، کۆمەڵێک دۆکیومێنتی گرنگ دەکەوێتە بەر دەستی سەبارەت بەپشکنینی پزیشکی و شکایەتی کۆمەڵێک خەڵک لەکۆمپانیای زەبەلاحی گازو کارەبای (پاسیڤیک) ئەمیش کۆمپانیای وزەیە لەزەریای ھێمن (الھادی). دوکیۆمێنتەکان سەبارەت بە خەرجکردنی پارەبوون لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ کۆمەڵێک نەخۆش بەمەبەستی چارەسەرکردن ھەروەھا عەرزی کڕینی خانووی دانەیەک لەکەسوکاری نەخۆشەکان (دۆنا جۆنسۆن لە ھینکلی- کالیفۆرنیا). ئیرین بابەتەکەکەی لا گرنگ بوو بۆیە داوای لەبەرپرسەکەی کرد رێگەی بداتێ توێژینەوەی لەسەر بکات، ئەویش زۆر سەرقاڵ بوو و خوا خوای بوو لەکۆڵی ببێتەوە، گوتی بڕۆ بیکە.. پاش چەند رۆژێک کە ئیرین لەدەرەوەی کۆمپانیا کاری توێژینەوەی لەسەر بابەتەکە دەکرد، گەڕایەی بۆ کۆمپانیا بۆ ئەوەی ئەنجامی کارەکانی بەبەڕێوبەر نیشان بدات، بەڵام، بەڕێوبەر بەبێ ئەوەی گوێی لێبگرێت بەھاوارەوە گوتی: بڕۆ دەرەوە تۆ ناتوانیت بەرپرسێتی کارکردن وەرگریت!! ئەوە بوو ئیرین بەئازارەوە گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆی و دیسان مۆتەکەی بێکاری داگیری کرد...
ماوەیەک پاشتر، کۆنە بەڕیوبەرەکەی پارێزەر ئید ماسری سەبارەت بەباتەکەو کارەکەی ئیرین وەئاگا ھات، گەڕایەوە بۆ لای و داوای لێبوردنی کردو داوای گەڕانەوەی کرد بۆ سەر کار...ئەمجارە ئیرین مەرجی زیادکردنی موچەی دانا...و گەڕایەوە سەر کار.
گرفتی دووەمی (جوانی)یەکەی بڕۆکۆڤیچ ئەوە بوو کاتێک کۆبوونەوەیان ساز دەدا لەگەڵ نوێنەرو پارێزەرانی کۆمپانیای پاسیڤیک، کە زۆربەی کاری کۆکردنەوەی زانیاری بوو سەبارەت بەکەیسەکان ئیرین دەیکرد، کەچی ئەوان گاڵتەیان پێ دەکرد، بەتایبەتی کە بڕوانامەی نیەو لە بووکەشووشە(باڕبی) دەچێت! لەمەیان ئیرین نموونەیەکی زۆر جوانی دڵسۆزی و کارزانیی ھەروەھا توڕەییەکی پۆزەتیڤی نیشانداوە، ئەوە بوو، بەھۆی لێکۆڵینەوەکانی گەیشت بەو راستیەی کۆمپانیاکە پاشەڕۆی ھەیەو فڕێی دەداتە ناو رووباری شارۆچکەکەو سەرچاوەی ئاویان. پاشان تێکەڵاوبوونی پاشەرۆکەو لەگەڵ ئاو و خواردنەوەی ئاوەکەکە بووەتە ھۆکاری پەیدابوونی نەخۆشی ترسناکی وەکو شیرپەنجە کە لەدۆکیومێنتەکاندا ھەیە. لێرەوە کاری جیددیی ئیرین دەست پێ دەکات و دەبێ بەڵگە بەدەست بێنێت.
 بۆ بەدەستھێنانی بەڵگەنامە لەسەر بابەتەکە لەسەری بوو ئیمزای ٦٣٤ خێزانی نەخۆشەکان کۆ بکاتەوە کەداوانامە لەدژی کۆمپانیاکە تۆمار بکەن و ئەم کارە بەسەرکەوتوویی دەکات. ئەوەبوو، پارێزەرەکانی کۆمپانیا گاڵتەیان پێدەکرد و گومانیان دەخستە سەر ئیمزاکان. ئیرین وەک ھەموو جارێک خۆی رازاندبووەوە بەنازو نەرمیەوە گوتی: بەڵێ لەبەر ئەوەی من بڕوانامەی زانکۆییم نیە، بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا لەگەڵ ٦٣٤ کەس نووستووم، جا وازم لێبێنن گەلێک ماندووم! ئەمجارە، پارێزەی کۆمپانیاکەی خۆیان بەشانازیەوە زەردەخەندەی پەخشان دەکرد...(واتا، ئەمە کارێکی مەحاڵەو گاڵتەی پێ دەکردن).
گرنگی ئیرین ئەوە بوو زۆر متمانەی بەخۆی ھەبوو و باوەڕی بەوە بوو دڵسۆزی و شەونخوونی و زیرەکی پەیوەندیان بەجوانی و رازاوەیی نیە، واتا، مرۆڤ دەتوانێت ھەردوک جوانی و کارایشی ھەبێت. گرنگی بابەتەکە ئەوەیە، ھەوڵەکانی ئیرین بنەمای سەرکەوتنی کەیسەکە بوو و لەکۆتاییدا کۆمپانیاکەی ناچار کرد قەربووی قوربانیەکان بکات. دادگا کۆمپانیای پاسڤیک بۆ گازو کارەبای بەبڕی ٣٣٣:٠٠٠:٠٠٠ دۆلار (سێ سەدو سی و سێ ملیۆن دۆلار)دا کەدابەش کرایە سەر ٦٣٤ خێزانی زەرمەند، پاداشتی ئیرینیش لەپاڵ مانەوەی لەسەر کارەکە بەسەرکەوتوویی، تەنیا دوو ملیۆن دۆلار بوو.
پرسیار ئەوەیە بۆچی جل و بەرگ و خۆڕازاندنەوەی ئافرەتان بەکارو کەسایەتیان بەند بێت؟ (تێبینی: ئەم راستیە بۆ پیاوانیش وایە بەڵام سەبارەت بەئافرەتان زەقترەو کاریگەری پترە) واتا، بۆچی ئەگەر ئافرەت جوان رازاوە بوو ئیدی لەسەرکەتنیدا گومان بۆ بەکارھێنانی بەھرەی جوانیەکەی بەشێوازێکی خراپ لێک دەدرێتەوە؟ ئایا پەیوەندی لەنێوان شێوازی پۆشینی جل و بەرگ و کارکردن و ژیانی کۆمەڵایەتی چیە؟
لە تیۆری سەرمایەی سیمبولیک (Symbolic Capital ) پییر بۆردیۆ دەڵێ: لە زۆربەی کۆمەڵگە تەقلیدیەکاندا "شەرەف" و " نمایشکاری" سەبارت بەجەستەی مێینە بەشێکی سەرەکیە لە سەرمایەی سیمبولیک. مەبەستی بۆردیۆ لە سەرمایەی سیمبولیک ئەو کەرەستانەیە کە لەبەردەستی تاکدان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بێنێت بەھۆی ئەوەی ھەندێک شتی تایبەتی ھەیە وەکو شەرەف و ناوی چاک و ھەیبەت. ئەمانیش، لەلایەن کەسانی دیکەی کۆمەڵگەوە دەستنیشان دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت. لای بۆردیۆ سەرمایەی سیمبولیک وەکو ھەر سەرمایەیەکی دیکەی سروشتی یان ئابووریە ئەگەرچی ئەمیان کەلتووری و کۆمەڵایەتیە. ئەم جۆرە سەرمایە وەکو ئەوانی دیکە داھاتی ھەیە، ھەلی سەرکەوتن دەرەخسێنێت و بەھای تایبەتی خۆی ھەیە و بۆماوەش دەکرێت. بۆ نموونە، ناوبانگ و شەرەف وەچە لەدوای وەچە بۆماوە دەکرێت و لەسەر بنەمایان مرۆ رێزی کۆمەڵایەتی یان ریسوابوونی بۆ دەمێنێتەوە.
بەپێچەوانەی مارکس کە تێڕوانینی بۆ سەرمایە تەنیا لەرووی ئابووریەوە بووە، واتا، پێی وابووە ئابووری پالنەرو فاکتەری سەرەکیە بۆ کۆنتڕۆڵ و گۆڕینی باری کۆمەڵایەتی و سیاسی پاشان کەلتووری کۆمەڵگە. کەچی، بۆردیۆ باس لە جۆرێکی دیکەی سەرمایە دەکات کە بەھەمان ھێز کاریگەری لەسەر سوڕی ژیان ھەیە. بەپێی بۆردیۆ سەرمایەی سیمبولیک کەسەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیە وەردەگێڕدرێت بۆ سەرمایەی ئابووری! بۆ نموونە، لە حاڵەتەکەی برۆکۆڤیچ شێوازی جل پۆشینی مایەی شەرمەزاری بوو بۆیە یەکێک بوو لەبەربەستەکانی دۆزینەوەی ھەلی کار. ھەروەھا ناوبانگی (دایکی تەنیا) وەکو (ژنی تەڵاقدراو_ یان بێوەژن) لای خۆمان ھەلەکانی کارو ژیان بۆ ژنان کەم دەکەنەوە چونکە لەکەلتووری باودا _تاڕادەیەک_ ناشیرینن!
ھەروەھا ئەم دیاردەیە لەرووی سیاسی و ئابووریشەوە رەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە، دەمی ئافرەتانی موحەجەبە بکەرەوە دەڵێن: ئاسان کارمان دەست ناکەوێت لەبەر ئەوەی موحەجەبەین. ئەم دیاردەیە لەھوتێل و ریستورانتە تازەکانماندا زەق دەردەکەون کە تژی ئافرەتی لوبنانی و قەوقازی و رووسی و تاد.. دەبینرێن، نەک ئافرەتی کورد!

لەم فیلمەدا برۆکۆڤیچ پێمان دەڵێت: راستە سەرمایەی سیمبولیک بوونی ھەیەو کاریگەری لەسەر سەرتاپای ژیان بەئەرێنی و نەرێنی ھەیە، بەڵام بەھرەکانی تاک لەگەڵ کراوەیی کۆمەڵگەو کەلتووری تاکگەرایی دەتوانێت بۆ بەرژەوەندی و سەرکەوتنی تاک وەریگێڕیت. داخەکەم، ئەم زەمینەیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەڕەخساوە، بۆیە لەبینینی فیلمێکی ئاوھادا دەکرێ ئاھێکی حەسرەت بکێشین و بێژین: کەخۆمان نایبینین، ھیوادارین نەوەکانمان بتوانن وەکو ئیرین سەرمایەی سیمبولیکی تازەو بەھرەمەن بۆ خۆیان بخوڵقێنن.