2013-05-13

کۆماندۆسی مێینە -Female Agents


ئەڤین ئیبراهیم

سۆفی ماڕسۆ
درامای فەڕەنسایی یان ئافرەتانی تارمایی لەساڵی ٢٠٠٨ دا پەخش کراو تاڕادەیەک مقۆ مقۆی لەسەر کرابوو لەنێوان ھەوادارو نەیارەکاندا. فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر خەباتی ئافرەتان لەناو بزووتنەوەو پرۆسەکانی بەرنگاربوونەوەی نیشتیمانیی فەڕەنساو بەریتانیا لەدژی سیستمی نازی لەکاتی جەنگی جیھانی دووەمدا. ھەوادارانی فیلمەکە پێیان وای لەڕووی تەکنیکی و ھونەری کارێکی باشەو لەرووی مێژووییەوە خەبات و قوربانیدانی ئەو ئافرەتە قارەمانانە بۆ نەوەی نوێ دۆکیومێنت دەکات. ھەرچی ئەوانەی لەدژی بوونە، کۆمەڵێک بوون لەئەندامانی بزووتنەوەی بەرەنگاریبوونەوەی ئەوکات کەلەژیاندا ماون (دووانیشیان ئافرەتن) دەڵێن: خۆزگە فیلمەکە بەرھەم نەھاتبا چونکە نەوەی نوێ ناتوانێت لەتایبەتمەندی و بارودۆخی جەنگی ئەوکاتە تێبگات، ئەگەر دەتانویست خەباتی ئەو ئافرەتانە بەرز راگرن، دەکرا لەژیاندا رێزیان لێنێ بەتایبەتی کەھەندێکیان زیندوون. بەگشتی، فیلمەکە گرنگەو مۆدێلێکی کلاسیکی -نوێمان لەخەباتی نەتەوایەتی و نیشتیمانی نیشان دەدات. کلاسیکیەکەی ئەوەیە ئافرەت بەعەقڵ و تواناو جەستەشەوە بۆ مەبەستی سیاسی و نیشتیمانی بەکار دێت، نوێبوونیشی (بۆ ئەوکاتە) ئەوەیە ئافرەت کاری پارتیزانی دەکات و لەکاتی گرتنیشدا بەدرندەترین شێواز ئەشکەنجە دەدرێت، ئیدی ئەوەی کۆڵ دەدات و خۆی دەکوژێت لەپێناوی تەواوکردنی ئەرکەکە جۆرێکە لەفیداکاری، ھەروەھا ئەوەی کاری دیکەش بۆ سەرخستنی کارەکە ئەنجامدەدات ھەر ھەمان بابەتە.

لەم گۆشەیەدا ناچمە سەر وردەکاری ھونەری و ھەڵسەنگاندنی کارەکە چونکە ئەمە کاری من نیە. بگرە، گرنگی فیلمەکە ئەوەیە ھەندێک لایەن لەخەباتی نھێنی و بەشداریکردنی ئافرەتانی خۆمان لەقۆناغەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی وەبیر دێنێتەوە، لەراستیدا لاوازیمان لەبواری سینەماو دۆکیۆمێنتاری مێژووی پڕشنگداری زۆر ئافرەتی ئێمە ناسڕێتەوە بۆیە، بەیادی خەباتی ئافرەتانی خۆمان باچەند ساتێک لەگەڵ سۆفی مارسۆو تیمەکەی بین.

درامایەکی مێژوویی فەڕەنساییە جان پۆڵ سالۆمی لە٢٠٠٨دا سیناریۆی بۆی داناوەو دەریشیھێناوە. سۆفی مارسۆ پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکەیە (لویس دیفۆنتێ)، جولی دوباردیۆ(جین فاوسێر)، ماری جیلیان(سوزی دیسپارێز) دیپۆرا فرانسوا (گایل لیمینیچ) و مایا نانسا (ماریا وتساتۆ). نووسینی دراماکە لەلایەن ھەردوو لۆران ڤاکاود و دەرھێنەری فیلمەکە کراوە. پوختەی چیرۆکەکەی ئەوەیە (سۆفی مارسۆ_لویس) ئافرەتێکە لەریزەکانی ھێزی بەرەنگاربوونەوەی نیشتیمان فەرەنسا کار دەکات، ھاوسەرەکەی لەو پێناوەدا دەکوژرێت، ھەروەھا براکەشی (پییر دیڤۆنتێ) لەھەمان شوێن خەبات دەکات. لەساڵی ١٩٤٤ سەرەک وەزیرانی بەریتانیا وینستۆن چەرچل ئەرکی ئازادکردنی دیلێکی بەریتانی لای نازیەکان دەخاتە ئەستۆی لویس و داوای لێدەکات تیمێکی مێینە بۆ ئەم مەبەستە دامەزرێنێت. گرنگی ئەم دیلە ئەوەیە جیولۆجیستەو زانیاری دەربارەی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی لایە. ھەروەھا لەسەریان ئەفسەرێکی پلە بەرزی نازیش بکوژن چونکە گومان دەکرێت بەزەبری ئەشگەنجەدان زانیاری لەجیولۆجیستەکە وەرگرتبێت کە بەبرینداری دیل بووە. (تێبینی: جەنگی جیھانی دووەم لەنێوان سێ ھێزی سەرەکی بووە، ژاپۆن، ئیتاڵیای فاشست و ئەڵمانیای نازیست لەدژی ھاوپەیمانانی سەرەکی: بەریتانیا، فەرەنسا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو یەکێتی سۆڤێتی لەساڵی ١٩٣٩ دەستی پێکردو لە١٩٤٥ کۆتایی پێھات، واتا، ئەو کاتەی فیلمەکە باسی دەکات بەریتانیاو فەرنسا بەدەستی نازستی ئەڵمانی دەیانناڵاند).
لویس دیفۆنتنیس (سۆفی مارسۆ) ئەندامی بزووتنەوەی بەرەنگاربوونەوە دەبێت پاش کوژرانی ھاوسەرەکەی، ئۆپەراسیۆنە تایبەت و نھێنی و سیخوڕیەکانی لەندەن کە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا وینستۆن چەرچل بەڕێوەی دەبات، ئەرکێکی نھێنی و بەپەلەی پێ دەسپێردرێت. بۆ ئەنجامدانی کارەکە دەبێ تیمێک دەستنیشان بکرێت لەگەڵ پلانێکی تایبەت و بەپەلە. تیمەک دەستنیشا دەکرێت و بریتیە لە٥ ئافرەت، ھەر دانەکیان کارێک ئەنجام دەدات لەژێر رابەرێتی پییر (براکەی لویس) و تەنیا یەک دانە رۆژتان ھەیە بۆ راھێنان لەسەر ھەردوو کار، یەکەم رزگارکرنی جیۆلۆجیستەکە، دووەم کوشتنی کۆڵۆنیڵ ھنری کەجیۆلۆجیستەکە لای ئەو دیلە،:
 ماریا، پەرستارەو کۆنتاکتی لەگەڵ جیۆجۆلیستەکەدا ھەیە،
گایڵ، کۆماندۆو کاسۆلیکێکی ئیماندار سوزی، عەشیقەی نازیستێک، وجین، لەشفرۆش، نمایشکاری جەستەو بکوژێکی چاونەترس.
پیاوێکی دیکەشیان لەگەڵدایە بۆ کاری رادیۆو بێ تەل و پەیوەندیەکانی نێوانیان لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکە.
کاردابەشبوونێکی زۆر رێک و پێک دەکەن و ئەنجامی دەدەن: سوزی و جین خۆیان وەک تیمی سەماکەرو نمایکاری لەش بۆ نەخۆش و سەربازەکان نیشاندەدان و مەشغوڵیان دەکەن، ماریاو لویس لەم کاتەدا جیولۆجیستەکە دەڕفێنن، گایلی کۆماندۆ ئوتومبێلەکانی نەخۆشخانەکە بۆمبڕێژ دەکات. بەڵام، دەبوو لویس کۆڵۆنێڵەکەش بکوژێت لەبەر ھۆکارێکی تەکنیکی نەیتوانی بیکوژێت: ئەو دەم لەسەر ئاو بوو کچێکی بەچەکەوە بینی بۆیە خۆی شاردەوە!
بەھەرحاڵ، براکەی لویس دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، پاشان گایڵ (کاسۆلیکە ئیماندارەکە) دەگیرێت، بەڵام ئەشکەنجەی جیاوازە. سەرەتا رووتی دەکەنەوە لەبەردەم ھاوڕێکەی، پاشان دەستدەکەن بەنینۆک لێکردنەوەی! گایڵ لەشەرمی جەستەی رووتی و ئازاری لێدان و ترس خۆی تەر دەکات، پاشان ھەندێک زانیاری دەدات. لەسەر ئەو زانیارانەو ھەوڵدانێکی دیکەی کوشتنی کۆڵۆنێڵ، ئەمجارە لویسیش دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، بەڵام ئەمیان ھیچ نادرکێنێت.
پوختەی بابەتەکە ئەوەیە، ھەر چوار ئافرەت بەشێوازی جیاجیا دەکوژرێن لەگەڵ براو و پیاوەکەی دیکە و تەنیا بەھاوکاری ئەوان لویس دەمێنێتەوە و کۆڵۆنێڵەکە دەکوژێت و کۆتایی جەنگیش دەبینێت، بەڵام، ھاوڕێکانی لەبیر ناکات.
ئەم فیلمە کۆمەڵێک پەیامی جوانی تیادایە، لەوانە،
-       گرووپی کار لەکۆەمەڵێک کەسایەتی لەباگراوند و پێگەی کۆمەڵایەتی جیاواز بوون، خۆەویستی خاک و نیشتیمان و ئازادی یەکی دەخستن، بۆ نموونە، جین، لەشفرۆش بوو، لەنیوەی ماجەرای رووداوەکاندا ھەوڵی دەدا پارەکەی وەرگرێت و بڕوات، کۆتاییەکەی ئەوە بوو خۆی بەقوربانی ئازادکردنی لویس کرد. ھەروەھا، سوزی، کە لویس متمانەی پێ نەبوو لەبەر ئەوەی دۆستی نازیستێک بوو، لەھەوڵی کوشتنی کۆڵۆنێڵی ناموبارەک کوژرا..
لەناو تیۆریستەکانی فێمینیزمدا گرووپێک ھەیە خۆیان لەپەیوەندی نێوان فێمینیزم و ناشیوناڵیتی دەدەن. واتا، ئایا ناشیوناڵیتی خێری بۆ مێینە ھەبووە یان مایەی نەگبەتی بووە؟ بۆ نموونە، ھەندێکیان وای بۆ دەچن گرفتی گرێدانی نامووس و شەرەف بەجەستەی ئافرەتەوە لەبنەماوە لەوەوە ھاتوە نەتەوەییەکان ئامادە نەبوون مێینەکانیان لەکەسی غەیرە نەتەوە تێکەڵاو بن بۆ ئەوەی نەتوەکەیان پاراو بێت تەنیا بەخۆیان، ئەمیش بۆوەتە مایەی نەھامەتی بۆ ئافرەتان.
پرسیار لەوەدایە، ئەدی ئەگەر ئافرەت خۆی کەسێک بوو دڵسۆزی نەتەوەی خۆی بوو چی دەکات؟
لێرەدا کۆمەڵێک بیرەوەریم دێتەوە یاد، کەمترینیان مایەی رێزو نەوازشە، بۆ نموونە بیرمە، ئێمە منداڵ بوین، ئابڵوقەی ئابووری لەلایەن بەعسەوە لەسەر گوندەکان ھەبوو بۆ ئەوەی ھاوکاری پێشمەرگە نەکەن. باوکم ھەفتانە دەیبردین بۆ ماڵی مامم کەلەگوندێکی گەرمیان بوو، برنج و رۆن و شەکری دەخستە ژێر کراسە کوردیەکانی ئێمەو دایکمەوە تا لەبازگەکە دەرباز دەبوین! ئەو ھوشیار بوو لەوەی ئەگەر بگیرێین ھەموومان کۆتاییمان دێت، بەڵام ئەم کارەی لەبەر زانینی دوو شت دەکرد، یەکەم، تێیدەگەیاندین: خۆتان تێک مەدەن، دووەم لەبازگەکان کە ئافرەتیان دەبینی لاڵ دەبوون! خۆم ئەم کارەم بە نۆ ساڵی کردووە بە بێ ئەوەی بزانم چ بابەتە!
ژنێک ھەبوو لامان ھاوسەرەکەی پێشمەرگە بوو، بەنانکەری منداڵ و ھاوسەرەکەی بەخێو دەکرد، ھاوسەریش زوو زوو دزەی دەکرد بۆ ماڵەوە، کە سکی پڕ بوو، حیزبی بەعس نەیزانی بەڵام لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە ریسوایان کرد تا ناچار بوو بەمنداڵەوە بەرەو شاخ سەر ھەڵگرێت، واتا، نانی نانکردنیشی لێ برَا.
ژنێک ھەبوو لەجەلەولا لێقەوماوو داماو بوو، لەسەر منداڵنەبوون تەڵاقدرابوو، پاشان شووی کردەوە بەپیاوێکی خاوەن ٦ منداڵ کەدایکیان نەمابوو. پیاوەکە دواتر لەزیندان کرا لەبەر کوردایەتی، ژنە بێ بەختەکەش سەڕای ئەوەی منداڵەکانی بەخێو دەکرد و باوکیان لەوێ نەبوو، منداڵەکان دەردیان دەدایە لەبەر ئەوەی باوەژنە! جا کە باوک دیار نەبوو، باوەژن بەخێوی کردن، باوەژن چیە؟

گرفتی بابەتی ئافرەت و کاری پارتیزانی و نەتەوە دۆستی ئەوە نیە ئافرەت نایکات، بگرە ئەوەیە دەیکات و جۆرەھا قوربانی دەدات، بەڵام لەکۆتاییدا، نەبەشە دەسەڵاتی تەواو دەدرێتێ، نە وەکو مرۆڤ و ھاوڵاتی پلە یەک دەبینرێت. فیلمێکی زۆر بەھێزە ھیوادارم بەبینینی مەینەتیەکانی ئافرەتی کوردیش ببینرێت، ھەر ھیچ نەبێت لەرێگەی سینەمای جیھانیەوە چونکە خڕی گرفتەکانی ئێمە کۆمەڵایەتین نەک سیاسی.