2013-05-13

جوليا رؤبيَرتس... Mona Lisa Smile


زەردەخەندەکەی مۆنالیسا و توندوتیژیی سیمبولیک
ئەڤین ئیبراھیم فەتاح


زەردەخەندەکەی مۆنالیسا فیلمێکی ئەمەریکاییە لەساڵی ٢٠٠٣ دا ھەردوو کۆمپانیای ستۆدیۆکانی ریڤۆلیوشن و فیلمەکانی کۆڵۆمبیا  لەدەرھێنانی مایک نویوێڵ بەرھەمیان ھێناوە. جولیا رۆبێرتس پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکەیە(مامۆستا کاترین ئان واتسن) لەگەڵ کۆمەڵێک کچە ئەکتەری لاو رۆڵی قوتابیەکان دەنوێنن. کیریستین داننیس (پیتی وارین)، جولیا ستایەڵز (جۆن برادوین) ھەروەھا ماگی گیلینھێڵ (گریسیل لیڤی) و جینیڤەر گوودوین (کۆنی بەیکەر).
چیرۆکی فیلمەکە بریتیە خەباتی مامۆستایەکی ئافرەت لەکاروانی فێمینیزمدا داکۆکی لەمافەکانی ئافرەتان دەکات و ھانیان بۆ ئەوە دەدات سنووری بیرکردنەوەی تەقلیدی و نەریتە کۆنە چەقبەستووەکان ببەزێنن. ئەمیش بەوەی ئاکتیڤانە بێنە گۆڕەپانی ژیان و لەئاسۆی تایبەتی ماڵەوە بێنەدەرو رۆڵیان لەئاسۆی گشتی کۆمەڵگەدا لەپاڵ ئاسۆی تایبەتی ماڵەوە ھەبێت.
مامۆستا واتسۆن لە ساڵی ١٩٥٣ دا شاری لۆس ئەنجلس بەجێ دەھێڵێت و لەیەکێک لەقوتابخانە ھەرە موحافیزکارەکانی ئینگلانددا دەگیرسێتەوە. ویڵسڵی کۆلیج قوتابخانەیەکی کچانەیە، کچان بۆ ژیانی ھاوسەرگیری و خزمەتگوزاریی پیاوو منداڵ ئامادە دەکات. کچانی ئەو شوێنە لەو کاتەدا تاقە خەمیان ئەوە بووە چۆن لەگەڵ کۆتاییھێنانی خوێندنیان(تەنھا ئامادەیی)، کوڕێکی باش و دەوڵەمەندیش وەک ھاوسەر بگرن و ژیانیان لەسنووری ماڵ و بۆنە کۆمەڵایەتیەکان تەرخان بکەن. لەتەک ئەمیشدا قوتابخانەکە وانەی مێژووی ھونەرە جوانەکانیان وەک بابەتێکی تەواوکاری جوانی و رۆشنبیری کچان بۆ تەرخان دەکات. مامۆستا واتسۆن مامۆستای مێژووی ھونەرە ئەم حاڵەی بەدڵ نابێت و کچان بەرەو شکاندنی سنوورەکان ھاندەدات. داوایان لێ دەکات پشتی ماناکان بخوێننەوەو ئازاد بیربکەنەوەو بپەیڤن: بدوێ، شەرم مەکە، مەترسە، ھیچ وەڵامێک ھەڵە نیە!
ئەم کارەی دەست پێ دەکات بەتایبەتی کاتێک دەبینێت کچەکان زۆر زیرەک و بەھرەمەندو لەبارن، کەچی ناتوانن لەسنووری داب و نەریتی باو لابدەن.  ئەم کارەی مامۆستا کاترین دەبێت بەمایەی گرفت بۆی. سەرەتا، خودی قوتابیە کچەکان رووبەرووی دەبنەوەو رەتی دەکەنەوە، پاشان بەڕیوبەرایەتی قوتابخانەو کەسوکاری کچەکان دژایەتی دەکەن و ئەوەی نیشان دەدەن، گۆڕینی سیستم رێگە پێنەدراوە.

شێوازی جل و بەرگ، ماکیاژ، ئیکسسوار، رووناکی، باڵەخانەو مۆزیک و کارە ھونەرییەکانی دیکەی فیلمەکە دەمانگێڕنەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی رابوردووی بەریتانیا پاش جەنگی جیھانی دووەم. چل و بەنجاکانی سەدەی رابووردوو سەرەتای دەرکەوتنی چەمکە مرۆییەکان بوونە لەرۆژئاوا، ھەروەھا، سارەتای چالاکیی رێکخراوەیی بووە و دامەزراندنی رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لەمافەمرۆییەکان بووە، وەکو مافەکانی ژنان، منداڵان، کریکاران، رەگەزە جیاوازەکان،... تاد. ھەرچەندە فیلمی ناوبراو باسی کاری رێکخراوەیی ناکات، بەڵام، کۆمەڵێک گرفتی ئافرەتانی ئەوکات لەوشوێنەو ھەنوکەش لەشوێنی دیکە و چنگێک چەمک و کۆڵێک پرسیار دەوروژێنێت.

سینەمای جیھانی جگە لەوەی پیشەسازیەو و بڕی خەیاڵی پارە بەرھەم دێنێت، بگرە ئامڕازێکیشە بۆ چاو کردنەوەی جەماوەر بۆ بینینی گرفتەکان بەو شێوەیەی بەرھەمھێن و کاستی کارەکە دەبینینن و لەکۆتاییدا وروژاندنی رای گشتی و ئاراستەکردنی بۆ ئەو ئاقارەی کە خۆی گەرەکیەتی.

ناونیشانی فیلمەکە
زەردەخەندەکەی مۆنالیسا لە تابلۆ بەناوبانگەکەی لیوناردۆ داڤنیشی _مۆنالیسا_ وەرگیراوە. تابلۆکە لەخۆیدا کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت و دەیان تیۆریی لەسەردا دارێژراوە(لەکۆتایی وتارەکە لەسەری دەوەستم). گرنگترین بابەت لەمۆنالیسا_کە فیلمەکە زەقی دەکات_ ئەوەیە کاتێک لەکۆتایی فیلمەکە (پیتی وارین) کە لەھەموو قوتابیەکان توندتر داب و نەریتی پەیڕەو دەکردو دژایەتی مامۆستا کاترینی دەکرد، دوای ئەوەی چاوی بەرامبەر بە ناعەدالەتیی داب و نەریتەکان دەکرێتەوە، تەماشایەکی تابلۆکەی مۆنالیسا دەکات و لە دایکی دەپرسێت: ئەمە زردەی لەسەر لێوە، ئایا شادومان و دلخۆش و ئارامە؟

پێتی وارین
 ھاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی دەوڵەمەند کردبوو و وەکو ھەر لەیدیەکی ئینگلیزی لەچینی باڵا ھەموو شتێکی ھەبوو، لەقوتابخانەش بۆ خزمەتکردن و گوێڕایەڵی پیاو ئامادە کرابوو، کەچی، نەئارام بوو و نەدڵشاد. کاتێک چوو بۆ لای دایکی گلەیی بکات لەدەستی ھاوسەرەکەی کە پشتگوێی کردووەو لەگەڵ ژنی دیکە رادەبوێت و کەم دێتەوە ماڵەوە، دایکی ئامادە نەبوو گوێی لێبگرێت و گوتی نابێ گرفتەکانی خۆت لەماڵەوە دەربکەیت، تاقە شوێنی تۆ ماڵی ھاوسەرەکەتە..
پیتی ماڵی چۆڵ کردو بەدایکی گوت: ئەم بەیانیە داوای جیابوونەوەوم تۆمار کردووە و لەگەڵ ئەو کچەدا دەژیم کە تۆ سووکایەتیت پێی دەکرد بەوەی جوویەکی نیویۆرکیە، لەتەنگانەدا کچە جووەوەکە بەھانامەوە ھاتوە نەک تۆ! (لەکەلتووری کاتۆلیکە ئەریستۆکراتیەکانی ئینگلیزدا ھەیە بەچاوی سووک تەماشای جوولەکەو ئەمەریکایی دەکەن، ئەمەریکیەکانیش ئینگلیزەکانیان لا موحافیزکارو وابەستەی دابونەریتی چەقبەستوون ئەمەی دووەمیش لەکۆمەڵناسیدا پێ دەوترێت سەردەمی ڤیکتۆری). پیتی گرنگترین سنووری شکاند کەقوتابخانەو کۆمەڵگەکەی راگرتبوو: خۆ جوان و دڵشاد نیشان بدەو باسی گرفتەکان مەکە.
یەکێک لە پرنسیپە ھەرە سەرەکیەکانی قوتابخانەکە ئەوەیە وێنایەکی پیرفێکت بۆ خۆو کچەکانی نیشان بدات، ئیدی ئەگەر درۆش بێت گرفت نیە! واتا، سنووری بیرکردنەوەیان لەدەوری نیشاندانی نموونەییبوونی خۆیان دەخوولێتەوە. بۆ نموونە، پرسی مانەوەو نەمانی پەردەی کچێنی لەو کاتەدا لەو وڵاتانە نەمابوو. واتا، کچانی قوتابخانە ئازاد بوون لەوەی پەردەی خۆیان بپارێزن یان نا، گرنگ بەوە بوو بەئاشکرا باسی پەیوەندیە سێکیەکانیان نەکەن و نھێنی بێت. بۆ نموونە: پەرستیاری قوتابخانە ھەندێک لەکچانی فێری خۆپاراستن لەکاتی سێکسکردنا کردبوو. پاشان کچە توندڕەوەکە(پیتی وارین)، بابەتەکە دەکات بە وتارێک و لە گۆڤاری ھەواڵی قوتابخانە لەلاپەڕە یەکەم دادەبەزێنێت. بڵاو کردنەوەی بابەتەکە دەبێت بەمایەی لابردنی پەرستیارەکە لەسەر کار، نەک خودی سێکسکردنی کچان!
ئەم جۆرە دوو روویی و شاردنەوەی شتە ناحەزەکان و خۆنیشاندان بەشتێکی پێرفێکت تاڕادەیەکی زۆر لای خۆشماندا ھەیە، بۆ نموونە، زۆر ژنمان ھەیە بەرگەی سووکایەتی پیاوو لێدان دەگرێت و بەناوی پاراستنی خێزان یان لەبەر خاتری منداڵان جورئەتی بڕیارێکی وەکو ئەوەی پیتی ناکات، بۆیە بەنەھامەتی و دەردی سەر ژیان بەسەر دەبات و دووچاری چەندین نەخۆشی جەستەیی و دەروونی دەبێت ھەموو لەپێناو ئەوەی عەیبە نەکات.  لەسەرەتای فیلمەکەدا پیتی توندترین داکۆکیکاری داب و نەریت بوو، لەکۆتاییشدا یەکەمین کچ بوو گەورەترین سنووری بەزاندو ھاوسەرەکەی بەجێ ھێشت و گوتی خوێندن تەواو دەکەم و یاسا دەخوێنم!
بەھیچ شێوەیەک بەراوردکاری ناکەم لەنێوەان کۆمەڵگەی خۆمان ھیچ کۆمەڵگەیەکی دبکە، بەڵام نیگەران دەبم، کاتێک دەبینم پەروەردەو کەلتووریان لەو کاتەدا لەئیمڕۆی ئێمە پتر مەودای پێگەیشتن و رادەربڕنی تێادایە. فیلمەکە رەخنە لەکەلتووری راگرتنی ئافرەت لەماڵەوە دەگرێت، بەڵام، سەیرم پێدێت، لەھەمان کاتدا، ئەوان نازانن لای ئێمە تا ھەنوکەش شتێک نیە لەقوتابخانەکان بەناوی: رۆژنامەی ھەواڵی قوتابخانە! لەو پێگەیەدا کچان زۆر ئازادانە بیرو بۆچوونی خۆیان تۆمار دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، خوێنەریشیان فرەس بۆیە نووسینەکانیان کاریگەری خۆی ھەس.
-       جۆن برادوین
پاڵەونی سێیەمی فیلمەکەیە. کچێکی جوانکیلەی زۆر زیرەکە و پلەکانی زۆر باشن. ئەم کچە لەوانەکەی مامۆستا کاترین پلەی نزم دەھێنێت، کە لەمامۆستا دەپرسێت، مامۆستا پێی دەڵێ، لەبەر ئەوەی رای زاناکانت کۆکردوەتەوەو ھبچ رای خۆتی تێادا ننیە. مامۆستا فێری دەکات ئەودیوی ماناکان بدۆزێتەوە. سەرەتا چۆن وەکو قوتابیەکی ھیوابەخش دێتە بەرچاوان و مامۆستا ھانی دەدات ھەوڵی زانکۆی ھارڤارد بدات و خوێندن تەواو بکات، کەچی لەکۆتاییدا مانەوەی لەماڵەوەو خزمەتکردنی ھاوسەرکەی ھەڵدەبژێرێت، ئەمیش دەبێت بەمایەی نیگەرانی مامۆستاو پێی دەڵێ ھیوای ژیانیکی خۆشت بۆ دەخوازم.
سێ کچەکە دیکەش وردە گرفتیان ھەیە بەڵام لەکۆتاییدا ھەر ھەموو مامۆستاکەیان خۆش دەوێت و ھەست بەوە دەکەن شتی تازەی لێوە فێر بوون.
لەلایەکی دیکەشەوە بەڕێوبەرایەتی قوتابخانە کۆمەڵێک مەرجی سەخت بۆ مامۆستا کاترین بۆ وانە گوتنەوە دانا و ئەویش قبووڵی نەکردو بەرەو شوێنێکی دیکە رۆیشت.
کۆتایی
لەباسکردنی ھونەرو کەلتوردا، فەیلەسووفی فەرەنسایی پییر بۆردیۆ ئێژێ (وەزیفە سەرەتاییەکەی ھونەر کۆمەڵایەتیە...پراکتیزە کەلتوریەکان بۆ جوداکردنەوەی چینەکان لەگەڵ تێشکانی سنوورەکانی چینەکان بەکار ھاتوون، ئەمیش بەمەبەستی پاساو ھێنانەوە بۆ زاڵبوونی چینێک بەسەر دانەیەکی دیکەدا.(
زەردەخەندەکەی مۆنالیسا کاری ھونەرییە چ وەکو تابلۆکەی داڤنیشی کەلە١٥٠٣-١٥١٠ کاری تیادا کردووە. ھەروەھا فیلمەکەی جولیا رۆبیرتس کە لە ٢٠٠٣ بەرھەم ھاتووەو لەگرفتە کۆمەڵایەتیەکانی بەریتانیای پەنجاکانی سەدەی رابوردوو دەوێت.
بابەتی تابلۆی مۆنالیسا ژنێکی خەمبارە، ھاوسەری بازڕگانێکی زۆر دەوڵەمەند بووە کەداوای بەداڤنیشی کردووە ئەو وێنەیە بکێشێت(ئەو دەم فۆتۆگراف نەبووەو تەنیا دەوڵەمەندەکان دەیانتوانی وێنەی خۆیان بکێشن). لە تابلۆکەدا نیگای چاوو زەردەخەندەکەی خەمێکی قووڵ نیشان دەدەن ئەگەر ھاتو زانیمان ئەو خاتوونە ھاوسەرە دەوڵەمەندەکەی خۆش نەگەرەکەو پیاوێکی دیکەی خۆشویستووە و رێکنەکەوتوون بۆ یەکتر. واتا، لەپاڵ تەکنیگی ھونەریی نایاب و داھێنانی ھونەری ھونەرمەندەکەش لەو سەردەمەوە ئازارو خەمەکانی ئافرەتان لەشاکارەکانی ھونەرمەندە جیھانیەکاندا دەرکەوتوون.
واتا، لەسەردەمی شوڕشی پیشەسازی خۆرئاوا (کاتی تابلۆکەی داڤنیشی)، لەسەردەمی نێوان ئەو کات و ئێستادا (کاتیی رووداوەکانی فیلمەکە  لە پەنجاکانی سەدەی رابوردوو) ھەروەھا لەسەردەمی ئیمڕۆدا (کاتی بەرھەمھێنانی فیلمەکە ٢٠٠٣) ئاریشەی زاڵبوونی کەلتووری پیاوسالاری و پاشکەوتبوونی ئافرەتان ھەبووەو بەردەوامیشە!
بەگەڕانەوە بۆ بۆردیۆ، دەبینین، ھەم لەتابلۆکەو ھەمیش لەفیلمەکە ھونەر وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتی ھەیەیەو بۆ جوداکردنەوەی جێندەرەکان (لەبری چینەکان) بەکار ھاتوو، ئەمیش ھەم سەرتا بۆ پاساو ھێنانەوە بۆ زاڵبوونی جێندەرێک بەسەر جێندەرێکی دێکەدا بەکار دێت ھەمیش بۆ تێکشکانی سنوورەکانی زاڵبوون بەتێشکانی کەلتوری باو.
بۆیە رێگەم بەخۆم داوە لەتیۆریەکەی بۆردیۆ (چین) بکەم بە (جێندەر) چونکە لە پەرتووکی زاڵبوونی نێرانە (Masculine Domination, ٢٠٠١) بۆردیۆ سێگۆشەیەکی بۆ شیکردنەوەی زاڵبوونی نێرانە داناوە بریتیە لە کەلتوور، چین و جێندەر. لەچوارچێوەی ئەم سێگۆشەیەدا توێژینەوەیەکی لەسەر کۆمەڵگەی قەبیلەی جەزائیری کردووە تیادا چۆنێتی جیاکاری جێندەری لەھەر سێ گۆشەنیگاوە روون دەکاتەوە.
سەرەنجام بۆردیۆ دەگات بەتێۆریزەکردنی چەمکێکی نوێ: توندوتیژیی سیمبولیک (Symbolic Violence) پێناسەی دەکات: بریتیە لەو جۆرێکی توندوتیژی ترسناک کە بەچاو نابینرێت و مرۆ ھەستی پێناکات چونکە ئاوێتەی کەلتوور بووە بۆیە مرۆ بەبێَ بیرکردنەو رەخنە لێگرتن وەریدەگرێت، واتا، قبووڵیشی دەکات و کاریشی پێدەکات لە کاتێکدا بەرامبەر بەخودی کەسەکە توندوتیژیە! چۆن؟ نموونەکانی بۆردیۆ زۆر لەواقیعی خۆمانەوە نزیکن کە باسی کۆمەڵگەی قەبیلەی جەزائیری دەکات. دەڵێ کەلتوور بەھۆی پرۆسیسە کۆمەڵایەتیەکانەوە خۆی دووبارە دەکاتەوە، واتا، نەوەکان لەبیرکردنەوەو رەفتاردا کۆپی باوانیانن. بەپێی کەلتوور سیمبولەکان دابەشی دوو مۆدێلی دژ بەیەکتر دەبن، سپی/رەش، باش/خراپ، رووناک/تاریک، سەرەوە/خوارەوە، دەرەوە/ماڵەوە، بەھێز/لاواز، سەرکردە/پاشکۆ.... تاد. پاشان ئەم دۆخە لەکاردابەشبوون و بارودۆخی ئافرەتان دەکۆڵێتەوە. سەرەنجام ھەموو سیمبولە پۆزەتیڤەکان بۆ نێرینەن و لاوازەکان بۆ مێینە. بەمەیش ئەم کەلتوورە تەنانەت لەبیرکردنەوەی خودی ئافرەتایش بەدی دەکات، بۆیە ئافرەتان بەرەزامەندی خۆیان لاوازی و پاشکۆیەتی ھەڵدەبژێرن و بێ ئەوەی کەس زۆریان بۆ بێنێت خۆیان لەپیاوان بەکەمتر دەزانن.

لەدیمەنەکانی فیلمەکە سیماکانی زاڵبوونی نێرانە بەدیدەکرێت. لەرۆژانەی خۆشماندا زۆر جار دەیبینین، بۆ نموونە، کێ نەیبینیوە ژنێک کاری ماڵەوە بەکاری خۆی نەزاتنێت و لای عەیبە نەبێت بەوەی پیاو بیکات؟ لای خۆمان، تەنانەت، ئەو پیاوەی بیکات بە ژنانی و ئۆمەر وەسف دەکرێت. نموونەی لەمەش روونتر بۆ توندوتیژی سیمبولیک بابەتی خەتەنەی کچانە، دەبینین بڕیارو ئەنجامدانی خەتەنەکە بەنھێنی لەنێوان دوو ژندا دەکرێت و کچۆڵەیەک تاھەتایە کەمئەندام دەکەن، کەچی پیاو ھەر ئاگاشی لێنیە، بەڵام لەبنەڕەتدا کارەکە بۆ یەرژەوەندی پیاوە ئیدی بەناوی شەرەفەوە بێت یان ھەر ناوێکی دیکە!

گرفت و گرنگی بابەتەکە لەوەدایە، فیلمەکە توندی کەلتوورو سەختی گۆڕنیشمان نیشاندەدات، بەڵام، پەیامەکەی ئەوەیە، راستە گۆڕینی کەلتوور سەختەو ترسناکەو دوژمن پەیدا دەکات، بەڵام، ئەستەم نیە. ھەر بۆیەش لەکۆتاییدا ھەردوو سیناریست وەڵام چارەسەری ئامادەکراومان بۆ دانانێت، ھەروەھا نائومێدیشمان ناکات بەڵکو چارەسەرەکان بەنیوەچڵی بەجێ دەھێڵێت و مامۆستا کاترین تاڕادەیەک دڵشکاو دەبێت، بەڵام، ھەرگیز کۆڵ نادات و بەردەوام دەبێت.